دەرهاوێشتەکانی خۆلادان لەچارەسەری کێشەی پاشەکەوت

(0) / / گفتگو / زایەڵە کامیل مەحمود پاشەکەوتی موچە بودجە


Jun 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل  مەحمود نوسەر بەزایەڵەی ڕاگەیاند،پرۆژە یاسای بوجەی ئیتیحادی بۆ سێ ساڵەو دوای نۆ ساڵ وشکەساڵی ئابووری و قەیرانی جۆراوجۆری ناو هەرێم دێت کە لەدوای بڕیاری بێپلانی ئابووری سەربەخۆوە دێت، لەم نۆ ساڵەدا حکومەتی هەرێم قەرزێکی زۆری هاوڵاتیانی کەوتووەتە سەر بەهۆی پاشەکەوتی زۆرە ملێی بڕێک لەموچەکانیان و نەدانی مووچەی تەواوی چەند مانگێک.

ڕاشیگەیاند؛ ئەم قەرزە کۆن بووەو لەئێستادا هیچ پاساوێک بۆ نەدانەوەی نەماوە دوای ئەوەی جارێکیتر هەرێم لەناو بوجەی ئیتیحادیدا پشکی خۆی بۆ گەڕایەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی دانەوەی ئەو پاشەکەوتە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی،  حکومەتی فیدراڵیش ڕەدی دەکاتەوەو دەڵێ تۆ خۆت بڕیاری فرۆشتنی نەوت و ئابووری سەربەخۆو بێ نیازیت لە بەغدای موفلیس داوە بۆچی مووچەی هاوڵاتییەکانت نەداوە، ئەگەر پێت نەدەدرا بڕیاری جیایی ئابوریت بۆ دا لەوانەیە ئێستادا ئەوەش بڵێن کەچۆنیش گەڕانەوە ئەگەر بڕیارەکەتان هەڵە نەبووبێت.

وتیشی، هەموو ئەم پرسیارانە مەوزوعیەت و لۆژیکی تێدایەو پێم وایە لەڕووی یاسسایشەوە دەسەڵاتدارێتی هەرێم ئۆباڵی کێشەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.بۆیە دەبوو خاڵی چارەسەری کێشەی پاشەکەوت لەدیارترین خاڵەکانی ناو گفغفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوایە نەک حکومەت و لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم گوێی پێ نەدات و ئارامی و بێ دەنگی خەڵک بقۆزێتەوە بۆ خۆدزینەوە لەکێشەکەو دانەوەی مافی زەوتکراوی خەڵکەکەی، دەبوو لەگفتوگۆی دیاریکردنی پشکی هەرێم لەبوجەی عێراق قەرزی هاوڵاتیانی پێوە پەیوەست کرایە وەک چۆن قەرزی بەغدای پێوە پەیوەست کراوە.ئێستاش کە  تا ئێوارە فرسەت ماوە پێویستە دەسەڵاتی کوردی یان پارتی و یەکێتی پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنە کار بۆ ئەوەی چارەسەری مامناوەند لەنێوان هەردوو حکومەتدا لەناو پرۆژە یاسای بوجەی فیدراڵدا بسەپێنن کە ئەو پێشنیارەیە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەم کۆتاییەدا لەسەری پێکهاتوون کەدانەوەی قەرزەکەیە بەڕێژەی لەسەدا دوانزەو بەهاوبەشی لەنێوان بەغداو هەولێر، ئەم پێشنیارەش پارتی دەڵێ ئێمە کردوومانە، باشە خێرە لەسەرەتاوە نەتانکردە خاڵی گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکانتان و پێشمەرجی ڕێککەوتن ئێستا لەدەرەوەی گفتوگۆکانی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمان و بە دەسنوس ئیمزاتان بۆکۆکردووەتەوەو داوتانە بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، بەکورتی قەرزی پاشەکەوت کۆن بووەو کوردیش دەمێکە گوتوێتی قەرز کۆن دەبێ وەلێ نافەوتێ، بۆ ڕۆژو مانگەکانی ئاییندەی دوای پەسەندکردنی بوجە دەسەڵاتی کوردی چاوەڕێی بێ دەنگی خەڵک و توێژی فەرمانبەران  نەکات، بەتایبەتی کەئیستا ڕێگای دادگای فیدراڵ بەڵەد بوون و بەئاسانی پێی دەگەن و دەسەڵاتیش بەلاوازی دەچێتە ژێر باری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی،چارەسەرنەکرنی کێشەی پاشەکەوت لەناو پرۆژە یاسای بوجەدا هەرێم و لایەنی دەسەڵاتداری کوردی دەخاتە ناو سێ ساڵ دۆخی نائارام و ناڕەزایەتی خەڵک و ئەگەری ئاژاوەش.

ماوەتە ئەم چەند سەعاتەی ئاییندە تا بزانین دەسەڵاتی کوردی و ئەو دوو حزبە حوکمڕانە چەندە گێڕانەوەی مافی هاوڵاتییەکانی خۆیانیان لا گرنگەو شەڕی لەسەر دەکەن وەک چۆن تا ئێستا شەڕی بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیان کردووە.

 کامەران کەریم