سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ شێوازی ئه‌ليكترۆنی ده‌بێت

(0) / / کردستان / زایەڵە هەڵبژاردن عێراق کوردستان


Jun 18, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ شێوازی ئه‌ليكترۆنی و  به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم هه‌مواری 2013 ده‌بێت.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ رووداو رایگه‌یاند ،كاتێك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقمان كرد له‌ 2021 ئۆفیسه‌كانی ئێمه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌كه‌یان ئه‌نجامدا.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د وتیشی، دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی كه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ ناده‌ستوری له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌ری كردووه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌ی داویه‌تی، پوچه‌ڵه‌ (مبنی علی الباطل باطل)، بۆیه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان شه‌رعیه‌تیان نییه‌.

باسی لەوەشکرد، ئه‌بێت لایه‌نێك هه‌ستێت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن كه‌ شه‌رعیه‌تی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت یۆنامیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ شه‌رعیه‌تی هه‌بێت، نه‌ك شه‌رعیه‌تی له‌ ده‌ستدابێت.

سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق باسی‌ له‌وه‌شكرد،به‌ پشتبه‌ستن به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان (كه‌ له‌ ساڵی 1992 ده‌رچووه‌ و له‌ ساڵی 2013 هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌) كار ده‌كه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ كارایه‌ و هه‌ر ئه‌م یاسایه‌ش به‌كارده‌هێنین، به‌ڵام له‌به‌ر رۆشنایی یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان رێنمایی و رێكار ده‌رده‌كه‌ین.

روونیشیكرده‌وه‌، هه‌رگیز ناكرێ دوو هه‌ڵبژاردن له‌یه‌ك كاتدا بكرێت، بۆیه‌ ده‌بێ دوو رێكه‌وتی جیاواز هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر كوالێتی ئه‌دای كاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌بێت.

سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆن ئاشكراشیكرد ،له‌رۆژی دابینكردنی پێداویستیه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌، لانیكه‌م شه‌ش تا حه‌وت مانگمان پێویست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ین.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كمان بۆ ده‌نێرێت به‌ فه‌رمی داوای هه‌ڵبژاردن ده‌كات و ئێمه‌ش پێداویستیه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، چونكه‌ ئێمه‌ پێداویستیه‌كانمان زۆر زۆره‌.

وتیشی‌، به‌پێی یاسا ئێمه‌ بڕیار ده‌ده‌ین شێوازی هه‌ڵبژاردن چۆن بێت ئه‌لیكترۆنی یان ده‌ستی بێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێدا باسمان له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كرد كه‌ ده‌بێت ئه‌لیكترۆنی بێت.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ و له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان رێكده‌خات و به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی هه‌بێت؛ ئێمه‌ له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه‌ هیچ كێشه‌مان نییه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌موو دۆخێكدا ده‌كه‌ین.

راشیگه‌یاند ، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ دوێنێدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌رده‌واممان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكه‌ین. پێویسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نووسراوێكی فه‌رمیمان بۆ بنێرێت داوای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنمان لێبكات و ئێمه‌ش لیستی داواكارییه‌كانمان به‌ بڕگه‌ پێشكێش ده‌كه‌ین.

 

 

کامەران کەریم