سەدر داوای خۆپێشاندانێکی گەورە لە دژی سوێد و دەرکردنی باڵیۆزەکەیان لە بەغدا دەکات

(0) / / عراق / زایەڵە سەدر قورئان سوید


Jun 29, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - موقتەدا سەدر داوای خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی" گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد دەکات؛ داواش دەکات باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت و وڵاتینامەش لەو هاووڵاتییە بە رەچەڵک عێراقییە وەربگرێتەوە، کە قورئانی پیرۆزی لە ستۆکهۆڵم سووتاندووە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە تویتێکدا داوای کرد خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی" گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق بکرێت، کە تێیدا داوا بکرێت باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت.

سەدر، سوێد بە "دەوڵەتێکی دووژمن بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و پشتیوانی خراپەکاری" ناودەبات و داوا دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بپچڕێندرێت.

هەروەها سەدر داواش دەکات، وڵاتینامەی عێراقی لەو کەسە وەربگیرێتەوە کە لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، دادگەش کار بکات تاوەکو بیگەڕێنێتەوە عێراق یان بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای بدات، کە شایستەی ئەو تاوانە بێت کردوویەتی، ئەمەش وەکو بەرگرییەک لە ئیسلام و ئاینزاکان.

سەدر بە پێویستی دەزانێت حکومەت لەکاتی دەستگیرکردنیدا ژیانی ئەو تاوانبارە لە عێراق بپارێزێت و پارێزگاریی لێ بکات.

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کۆچبەرێکی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.