پەرلەمانتارێک لەڕێگای زایەڵەوە باسی دانەوەی قەرزی پێشینەکان دەکات
(0) /
زایەڵە - عومەر گوڵپی ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێنماییەكی وەزارەتی دارایی، پێویستە ئەو هاووڵاتیانەی پێشینەی خانوو بەرە و هاوسەرگیریی قەرزارن لە ماوەی دوو مانگدا هەمووی بەسەر یەكەوە بگێڕنەوە، ئەگەرنا لە مووچەی كەفیلەكەیان پارەكان وەردەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند؛ بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەشنەكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، حكومەت چەند ساڵە وازی لەوەرگرتنەوەی قەرزەكانی خانوو بەرەو هاوسەرگیریی هێناوە كەچی سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارایی بەردەوامەو مووچە لەكاتی خۆی دابەش ناكرێت و هیچ بەرنامەیەكیش نیە بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆران، كەچی وەزارەتی دارایی فشار لە هاووڵاتیان دەكات ئەو قەرزەی بە حەوت ساڵ نەیتوانیوە بیداتەوە ئێستە بە دوو مانگ بیگەڕێنێتەوە.
وتیشی، حیكمەتی قەرزی حكومەت لەوەدایە كە هاووڵاتی بە قیستی درێژ خایەن بیداتەوەو كاریگەریی لەسەر قوتی ڕۆژانەی مناڵەكانی نەكات ،هاووڵاتیەك بە هەزار چەرمەسەری خانوویەكی بە قەرزی خۆی و حكومەتەوە ئینجا پێ دروست كراوە، ئێستە چۆن بەسەر یەكەوە داوای دە ملیۆن دیناری لێ ئەكەی، وەزارەتی دارایی نزیكەی پانزە ملیار دۆلاری پاشەكەوتی مووچەخۆرانی لایەو گوێی خۆی لێ خەواندووە، كەچی تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە بۆ تەنها نزیكەی یەك ملیار دۆلاری خۆی.
باسی لەوەشکرد، ئەكرێت حكومەت پابەندی دانەوەی قەرزی هاووڵاتیان نەبێت بەڵام داوای قەرزەكانی لە هاووڵاتیان بكاتەوە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: