هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی: چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە

(0) / / جهان / زایەڵە فەرەنسا یه‌كێتی بەغدا هاوسه‌رۆكان


Mar 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێشوازییان کرد لە برۆنۆ ئوبێر باڵێۆزی فەرەنسا لە عێراق و  ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دواین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و جەختکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لابردنی بەربەستەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ تێپەراندنی دۆخەکە.
ھاوسەرۆکان خواستی یەکێتییان دوپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی دەستوورییانەی کێشە داراییەکان و پرسە نیشتمانییەکان و راشیانگەیاند لەمرۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە بۆیە پێویستە پەنا بۆ زمانێکی ھاوبەشی نیشتمانی ببرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، هاوسەرۆکان تەئکیدیان لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوکردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکات و ساتی خۆیدا  دوور لە دەست تێوەردان.
هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پرسی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ، پەرۆشی و بڕیاری یەکێتیی  دوپاتکرایەوە بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزیی لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و باشکردنی خزمەتگوزارییەکان  و دابینکردنی ژیانێکی شایستە تر بۆ هاوڵاتیان.
لەکۆتایشدا ھەردوولا ھاوڕابوون  لەسەر کۆی ئەو پرسانەی خرانەروو، هاوکات تەئکید لە ئەنجامدانی کاری هاوبەش و پێکەوەیی کرایەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بکات.