سەدر ھۆشداری دایە  سوید و پەیامێکی دایە حکومەتی عێراق

(0) / / عراق / زایەڵە سەدر سوید قورئان سوتان


Jul 20, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداری دایە حکوومەتی سوید لەھەمبەر رێگەدان بەدووبارە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ھەروەھا سووتاندنی ئاڵای عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم و رایگەیاند کە چاوەڕوانی ھەڵویستی فەرمی حکوومەتی عێراق دەکەن لەوبارەیەوە.

 

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ھەڵویستی خۆی نیشانداوە لەھەمبەر حکوومەتی سوید کە رێگەی داوە بەدووبارە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ھەروەھا سووتاندنی ئاڵای عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم و نووسیوویەتی دوای ئەوەی سوید دوژمنایەتی خۆی بۆ ئیسلام و کتێبە ئاسمانییەکان راگەیاند، چونکە بە ئاشکرا و نھێنی، باوەڕی بە کاری ئاسمانیی نییە.

 

راشیگەیاندووە "سوید پەلاماری ھێڵە دیپلۆماسیی و نەریتە سیاسییەکانیش دەدات، دوژمنایەتی خۆی بۆ عێراق راگەیاندووە، بەو پێیەی رەزامەندی نشانداوە لەسەر سووتاندنی ئاڵای عێراق".

 

سەرکردەی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەداوە کە چاوەڕوانی وەڵامی توندی فەرمیی دەکەن لەھەمبەر رێگەدان بەدووربارە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، بەرلەوەی ھەنگاوی تایبەت بە خۆی لەوبارەیەوە بھاوێژێت و نووسیوویەتی: "بەپێی تێگەیشتنی خۆم، ئەگەر ئاڵای عێراق بەڕاستی سووتێندرا، ئەوا نابێت حکوومەتی عێراق تەنھا سەرکۆنەی بکات، ئەگەر نا ئەوە بەڵگەیە بۆ لاوازی و ملکەچبوون".

 

موقتەدا سەدر روونیشی کردووەتەوە کە "نابێت لەبەرامبەر دووبارە سووتاندنی قورئانی پیرۆزدا، تەورات و ئینجیل بسووتێندرێن، بەڵکو دەبێت گەلانی جیھان ئاسمان سەربخەن، ئەگەرنا ئەوە دەرئەنجامێکی خراپی دەبێت کە لە دواییدا، پەشیمانیش سوودی نابێت".

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا گردبوونەوە و نارەڕزایەتییان دەربڕی لەھەمبەر حکوومەتی سوید کە رێگەی داوە جارێکی دیکە قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم بسووتێندرێت.

 

لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، لایەنگرانی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سووتاند.

 

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە کە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق داخستنی باڵیۆزخانەکە و راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تا کاتێکی نادیار راگەیاندووە.

 

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی ھەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەرکۆنە کرد و داوای کرد کە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە بکرێت.

 

ئەم پێشھاتەنەیش دوای ئەوە دێت کە پۆلیسی سوید رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم، بۆ ئەوەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن.

 

رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی رابردوو لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم پایتەختی سوید، لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز کرد و دواتر سووتاندی کە ئەم کارەیش کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و لەسەر ئاستی عێراق، جیھان و بەتوندی سەرکۆنە کرا.