له عێراق رەزامەندی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز وەرگیرا
(0) /
زایەڵە - شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، رەزامەندی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز وەرگیراوە، بەڵام داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین ئاشاتەوایی ناڕەزاییەکان بپارێزن.
ئەمڕۆ شەممە22 تەمموزی 2023 راگەیاندنی شانەی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" خۆپیشاندانی هاوڵاتییان مافێکە کە دەستووری عێراقی زامنی کردووە، بۆیە هێزە ئەمنییەکان پشتگیری لە خۆپیشاندانێکی هێمنانە دەکەن بۆ ئەوەی هاوڵاتییان رای خۆیان دەربڕن دژ بە سوتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق".
وە داواشی لە هاوڵاتییان کرد کە پارێزگاری لە موڵکی گشتی بکەن و لەکاتی خۆپیشانداندا رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن.
هەروەها باسی لەوەشکرد: " پێشوەختە رەزامەندی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان وەرگیراوە بۆیە پابەندین بە پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییان و داوایان لێدەکەین هاوکارمان بن".
ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی دووبارە سوتاندنی قورئانی پیرۆز، وا بڕیارە لە بەغدای پایتەخت و بە دیاریکراوی لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقتەدا سەدڕ بەڕێوەبچێت.
تێبينيێك بنێرە: