شاندێکی وەزارەتی تەندروستی سەردانی گەرمیان دەکات و ٣ ئەمبوڵانسیش دەگەیەننە نەخۆشخانەی کفری

(0) / / کردستان / زایەڵە گەرمیان تەندروستی کفری


Jul 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شاندێکی وەزارەتی تەندروستی سەردانی گەرمیان دەکات و ٣ ئەمبوڵانسیش دەگەیەننە نەخۆشخانەی کفری

تەندروستی گشتی گەرمیان ڕایگەیاند: بەمەبەستی بەدواداچوونی کێشەکانی قەزای کفری، سەرلەبەیانی ئەمرۆ، شاندێکی وەزارەتی تەندروستی بە سەرۆکایەتی د. سامان حەمەخورشید- راوێژکاری وەزیری تەندروستی و د. مەعاف عەبدوڵڵا- بەڕێوبەری گشتی کاروباری دارایی و کارگێڕیی لە وەزارەتی تەندروستی، سەردانی گەرمیانیان کرد.

سەرەتا شاندەکە سەردانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیانی کرد و لەگەڵ د. سیروان محەمەد- بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و لێپرسراوی چەند بەشێکی بەڕێوبەرایەتییەکە کۆبونەوە، پاشان پێکەوە سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان- جەلال شێخ نوری پێشوازییان لێکرا. دواتر شاندەکە نەخۆشخانەی گشتی شەهید خالد گەرمیانیان لە قەزای کفری بەسەرکردەوە. لە کۆبوونەوەیاندا بە وردی لەسەر کێشەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە قەزای کفری و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان گفتوگۆ کرا.

شاندەکە هاوکات ٣ ئۆتۆمبیلی ئەمبوڵانسی نوێی گەیاندە نەخۆشخانەی گشتی شەهید خالد گەرمیانی بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەت دانیشتوانی شارەکەوە.

کامەران کەریم