وەزیری پەروەردە لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژەوە روونکردنەوە دەدات

(0) / / کردستان / زایەڵە وەزیری پەروەردە هەرێم ئالان حەمە سەعید


Jul 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند: زیادکردنی رۆژی شەممە وەک پشووی کۆتایی هەفتە زیانی نابێت و رۆژەکانی خوێندن کەمناکات. دەشڵێت، لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆتا کۆنووسی تایبەت بە مامۆستایانی وانەبێژیان ئامادەکردووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزدەکەنەوە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە میدیاکانی راگەیاند: بڕیاری زیادکردنی رۆژی شەممە وەک پشووی کۆتایی هەفتە لە ناوەندەکانی خوێندن کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکاران و شێوازی خوێندنیان نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: توێژینەوەی پێویست لەسەر ئەو پرسە کراوە و کێشە دروست ناکات و رۆژەکانی خوێندن کەمناکرێتەوە، بەڵکوو پشووەکانی دیکە رێکدەخەنەوە.

لە بارەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ وەزارەتی دارایی گەیشتوونەتە کۆتا کۆنووسی خۆیان و بەم زووانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی بەرزدەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەرێم نزیکەی ٣٠ هەزار وانەبێژ هەیە و لەماوەی رابردوودا چەندان جار هاتوونەتە سەر شەقام و داوای دامەزراندنیان کردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە سەرەڕای ئەوەی دانامەزرێن شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا پێنادرێت.

کامەران کەریم