مامۆستایان و فەرمانبەران: نامانەوێ موچەكانمان بچێتە دەست حكومەتی دیلیڤەری
(0) /
زایەڵە - دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدهگهیهنن،نامانەوێن موچەكانمان بچێتە بەردەم نوسینگەی حەواڵە و دیلیڤەرییەوە بەناوی وەزارەتی داراییەوە و داوا لە دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانی عێراق دەکەن، پێگەی یاسایی و دەستوری خۆیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەردەوامانەی کە هەرێم نایەوێت چارەسەریان بکات.
یەکشەممە 30_ی تهموز_ی 2023 دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق گردبونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پەیامێکیان ئاڕاستەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و سەندیکای مامۆستایانی عێراق و رایانگەیاند، جارێکی دیکە ناچاربوین سکاڵامان ببینە لای ئێوە لە ئەنجامی زیادبونی ستەمکاری مەبەستدار و بەردەوامی دەسەڵاتدارانی هەرێم دژی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئەو ستەمکاریە 9 ساڵە بەردەوامی هەیە دژی فەرمانبەرانی شارستانی بە پلانێکی ناپاکی دەزانین، ئەم ستەمکاری و نادادیە هێز و ئیرادەی زیاترکردین بۆ بەگژداچونەوەی بکەرانی ئەو کارە چەپەڵە.
ئاماژه بهوهش دهكهن، سەرەتای ئەو “پیلانگێڕییە” بە نەدانی موچەی چەندین مانگ دەستیپێکرد، دواتر سەپاندنی پاشەکەوت و راگرتنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوە و لێبڕین و لە کۆتایشدا دواخستنی وادەی دابەشکردنی موچە کە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، سەرەڕای هەبونی “داهاتی بێشوماری ناوخۆ و خاڵەسنوریەکان و داهاتی نەوتی، بەڵام بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبی و بنەماڵییەکان هەمیشە خراوەتە پێش بەرژەوەندی فەرمانبەرانەوە.
ههروهها دەستەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەی، شکستیانهێناوە لە بەڕێوەبردنی تەنها سێ شاردا و بەردەوامبون لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی هەرێم و داوا لە دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانی عێراق دەکەن، پێگەی یاسایی و دەستوری خۆیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەردەوامانەی کە هەرێم نایەوێت چارەسەریان بکات.
داواش دەکهن، چارەسەر کێشەی درێژخایەنی دواکەوتنی موچە بکرێت لە ڕێگەی راستەوخۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا و دەڵێن: نامانەوێت بەهیچ جۆرێک موچەمانمان بچێتە بەردەست نوسینگەی حەواڵە و دیلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی داراییەوە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: