دەست بە پڕۆژەی دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی هەولێر - کەرکوک کرا

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەولێر کەرکوک


Jul 31, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بە گوژمەى زیاتر لە (2 ملیار دینار) لەسەر بوودجەی پارێزگا، دەست بە پڕۆژەی (دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی هەولێر - کەرکوک) کراوە

قایمقایەتی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند:ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەوونی کارەکان، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندو عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، پڕۆژەی (دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی هەولێر - کەرکوک)ى بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەی ( 2 ملیار و 162 ملیۆن و 688 هەزار دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لەڕێگەى بەڵێندەرایەتیەوە دەست بە جێبەجێ کردنی کراوە.

پارێزگاری هەولێر، دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پڕۆژەکە و لێکۆڵینەوە لەچۆنیتی بەڕێوەچوونی کارەکان، دەستخۆشی لەسەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانی پڕۆژەکە کرد، لەبەرامبەر ئەنجامدانی کارەکان و ئەم پرۆژەیەی هاوشێوەی پرۆژەکانی دیکە بە ئەرك ناساندو جەختی کردەوە کە کارەکان بەشێوەی تەدریجی بەردەوام دەبێ تا هەموو کوچەو کۆڵانێكی شاری هەولێر دەگرێتەوە .

ئەم پڕۆژەیە کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و هەردوو شەقامی سەرەکی 100 مەتری و شەقامی 120 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە،  پێکهاتووە لەدوو بەش، بەشی یەکەم (لەشەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر بە درێژی 900م کاری قیرتاوکردن بە چینی بایندەر لە خۆ دەگرێت، بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەترى، دروست کردن و قیرتاوکردنی شەقام دەگرێتەوە بە درێژی 1700م، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی بە درێژی 2000م.

جێگەی باسە، لەماوەی ڕابردوودا لەسنووری پارێزگای هەولێر، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ کراوە و بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست ئامانجی پارێزگای هەولێر ئەوە بووە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنێت بە سەرجەم گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕ لێدانەوە هەیە.

کامەران کەریم