وەزیری ئاوەدانکردنەوە دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبونی بەقیستی درێژخایەن بۆ کەمدەرامەتان راگەیاند

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکەی نیشتەجێبوون دانا عەبدولکەریم


Aug 08, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لە رێورەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبون و کاراکردنی فۆرمەکەی بەشێوەی ئۆنلاین، بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت راگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند:  لەمڕۆوە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە داواکردنی فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لەهەرێمی کوردستان کارا دەکرێت، و ئەو کەسانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بەپێی ئەو رێنماییانەی بڵاودەکرێنەوە دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد:  فۆرمەکە بەشێوەیەکی زانستی داڕێژراوە ئەوەش دوای وەرگرتنی بۆچون و پێشنیاری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان و "پێشکەش کردنی داواکاریش تاوەکو رۆژی 1/12/2023 بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە بەپێی یاسای نیشتەجێبون خاڵبەندی دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی داواکاریان پێشکەش کردوە، دواتر لەلای لیژنە تایبەتمەندەکانی وەزارەت چێکردنەوەی بۆ دەکرێت و پاشان ئاراستەی ئەو لیژنانە دەکرێت کە لەچوارچێوەی یەکە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، واتە لە ھەر سنورێکی هەر یەکەیەکی کارگێڕی بو لەو سنورە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ پەسەندکردنی خاڵبەندییەکە.

هەروەک وتیشی: ژمارەی یەکەکان کە لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون نۆ هەزار و چوار یەکەیەو، لەوەش بەشێکیان تەواو بون و بەشێکیان تەواو نەکراون و هیوادارین ئەوانەی ماون لەداهاتودا تەواویان بکەین، پرۆسەی دابەشکردنەکەش لەڕێی ئەو فۆرمەوە دەستپێدەکات و ئەگەر یەکەیەکیش تەواو نەکرابو هاوڵاتیەک ئەگەر شایستە بو بە وەرگرتنی، بۆ ئەوەی بزانێت یەکەیەکی بۆ دابینکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و بە 25 ساڵ و بەقیستی مانگانە پارەکە دەداتەوە.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، توانا داود، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وردەکارییەکانی تری پرۆسەکەی رونکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، یەکەکان بەپێی ناوچە جوگرافییەکان دابەش بون و  تیایدایە رێژەی ئەنجامدراوی گەیشتوەتە ٪‏٩٥ و ھەیە کەمتر و خوار لە ٥٠٪‏.

لای خۆشیەوە جەمال عومەر، سەرپەرشتیاری دروستکردنی فۆرمی ئۆنلاینەکە، وردەکاری شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمەکەی رونکردەوە، کە لەرێی ئەو لینکەوە دەبێت کە لە پەیجی وەزارەت بلاودەکرێتەوە، وتیشی؛ پرۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەوەرانەیە بەجۆرێک بەپێی خاڵبەندی و شایستەبون یەکەی نیشتەجێبون دەدرێتە ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت.

کامەران کەریم