پارێزگارى هەولێر سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانى ئێران

(0) / / کردستان / زایەڵە هەولێر ئێان زیارەتکار


Aug 09, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانى ئێران لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ خزمەتکردنیان

بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى د.هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە ھەولێرى پایتەخت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى بەوردى باس لە هەموو پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کرا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگە (500 هەزار) زیارەتکارى ئێران لە دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە بەنێو خاکى هەرێمى کوردستان دەست بەگەشتەکەیان بکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، پارێزگارى هەولێر، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ وێستگەکانى پێشوازیکردن و مانەوەیان لە هەولێرى پایتەخت لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە تاکو دواخاڵى سنوورى پارێزگاکەمان کە بازگەى شێراوەیە لە ئامادەباشى تەواودابن و خزمەتگوزارییە پێویستیەکان و سەلامەتى هاتن و چوونیان فەرهەم بکرێت و ئاسانکاریان پێشکەش.

پارێزگارى هەولێر، ڕاشیگەیاند: "سوپاس بۆ خوداى گەورە پارساڵ وەک یەکەم ئەزموون پڕۆسەکە زۆر بەباشى سەرکەوتوویى بەڕێوەچوو و توانراوه‌ زیارەتکارانى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بە سەلامەتى بگەنە هەولێرى پایتەخت و لەوێشەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، بۆ ئەمساڵیش کە واچاوەڕوان دەکرێت ژمارەى زیارەتکاران زۆر لە ساڵى پار زیاتر بێت، دەخوازین بە بەباشترین شێوە لە خزمەتیان دابین، ئومێد دەکەین وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسەی هاتنى زیارەتکاران ببینە هۆکارى ئەوەى ئاسانکارى و خزمەتیان پێشکەش بکەین".

جێگەى باسە، پارساڵ لەسەر بنەمایی ڕێککەوتنى نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگارى ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران بۆ یەکەمینجار بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێر دەستى پێکردووە و زیاتر لە (70 ھەزار) زیارەتکاری ئێران لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ سەردانیکردنى شوێنە پیرۆزەکانی عێراق داخلى هەرێمى کوردستان بوون و دواى مانەوەیان لە هەولێرى پایتەخت بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بەڕێکەوتن، لە ئێستاشدا ھەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە، بۆ ئەمساڵ کە پێشبینی ھاتنی (500 ھەزار) زیارەتکار دەکرێت، تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ خزمەتکردنیان ھەر لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوەى هەولێر.