دیداری  جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لەگەڵە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

(0) / / کردستان / زایەڵە ئێران هەرێم ئەربەعین ئومێد خۆشناو


Aug 20, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەید محەممەد میر ئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا ، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبوونەوە.
دوێنێ شەممە سەید محەممەد میرئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆ بەیاوەری شاندێکی وڵاتەکەی لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی گەیشتە هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 شاندەکەی ئێران کە پێکهاتبوو لە جێگری وەزیری نێوخۆی وڵاتەکە و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕاۆژئاوا، لە دیوانی وەزارەتی نێوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری نێوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، پارێزگاری هەولێر و محەممەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کردەوە و باسیان لەوە کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بۆ کەربەلا، لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە کراوە.
دوای ئەوەی رێگەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی ئێران بە سەلامەتتر دانرا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە، بەتایبەت حاجی ئۆمەران، نیو ملیۆن زیارەتکار سەردانی کەربەلا بکەن بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن (ع).
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە، لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ زیارەتکاران هەر لە هاتنە نێو سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو دوایین بازگەی ئێمە کە شێراوایە، ئاسانکارییەکانیان پێشکێش دەکرێت."
وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە و کۆمیتەیەکی 12 کەسی پێکهێناوە. ئەو کۆمیتەیە نزیکەی 12 لیژنەی پێکهێناوە بۆئەوەی بە رێکوپێکی پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت و رێنوێنییان پێ بدرێت و هەر پرسیارێکیان هەبوو، هاوکاری بکرێن.
وەکو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی پێدا، تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سیدەکان - کێلەشین.
ئومێد خۆشناو گوتی، "ئێمە لە چوارچێوەی رێککەوتنمان لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئامادەکارییەکی باشمان کردووە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو سنوورە بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی."