وادەی یەکەم باران بارینی ئەمساڵ ئاشکرا کرا

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشناسی باران بارین هەرێم


Sep 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

 کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:  ئەمڕۆ پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە 10ـی مانگەوە بەشێوەی بەرچاو پلەی گەرما دادەبەزێت و پێشبینیش دەکات، ئەم مانگە بارانبارین دەستپێبکات و مانگی داهاتوو پەڵە بدات.

 کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆخێرایی با لە کاتژمێرێکدا 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی رایگەیاند :تا شەشی ئەم مانگە تاڕادەیەک پلەی گەرما جێگیرە و تەنیا یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت؛ لە شەش بۆ نۆی مانگ، پلەی گەرما چەند پلەیەک بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە 10ـی ئەیلوولەوە لە تەواویی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو پلەی گەرما دادبەزێت و هەست بە فێنکی دەکرێت.

 ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بە سەرەتای وەرزی بارینی ئەمساڵ کرد و گوتیشی :وەرزی بارین پێش دەکەوێت و لەم مانگەدا دەستپێدەکات؛ مانگی داهاتووش بارانی سەرتاسەری لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین دەبارێت و هەر لەو مانگەشەدا پەڵە دەدات و ئاستی باران زیاتر دەبێت لە تێكڕای ساڵانە.

 شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەشکرد: لە وەرزی بارینی ئەمساڵدا مەترسی لافاو لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و مەترسییەکە زیاتر لەسەر ناوچە نزمەکان دەبێت.

کامەران کەریم