پێنجەمین فیستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ دەستی پێکرد + وێنە
(0) /
زایەڵە - ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال و بە ئامادەبوونی (حەمەی حەمە سەعید) وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و (ڕەمک ڕەمەزان)قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری (سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و گەرمیان) و ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانی حکومی و حزبی و هونەرمەندان و شانۆکاران، پێنجەمین فیستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ دەستیپێکرد.
فیستیڤاڵەکە بە دانانی تاجە گوڵ لەسەر مەزاری ئەنفالکراوان و وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر وتاری بەخێرهاتن لەلایەن قائیمقامی چەمچەماڵەوە خوێندرایەوە.
قائیمقامی چەمچەماڵ وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکار و پشتیوانی ئیدارەی چەمچەماڵ بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم فستیڤاڵە، دواتر کورتەیەکی لەسەر لایەنی هونەری و شانۆ لە قەزاکە خستەڕوو.
دوای پێشکەشکردنی وتاری هەریەکە لە بەڕێزان وەزیری ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیر سلێمانی کۆنسێرتێکی هونەری لەلایەن کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد لقی چەمچەماڵ پێشکەشکرا.
فیستیڤاڵی شانۆی قەزاکان ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و نمایشی شانۆیی لە هۆڵی ڕۆشنبیری چەمچەماڵ ئەنجام دەدرێت.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: