ئەم بەنداوە لەتەواو بوندایە
(0) /
زایەڵە - بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری شاری هەولێر و لە شارەدێی بەستۆرە، بەنداوێک بۆ گلدانەوەی باراناو دروست دەکات.
پرۆژەی بەنداوی بەستۆرە لە لایەن کۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە هەلی کاری بۆ 150 کەس ڕەخساندووە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.
شێرکۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری حکومی لە پڕۆژەکەدابە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێم گرنگیی زۆری بە سەرچاوەکانی ئاو داوە، چونکە پەی بە مەترسیی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بردووە، لێرە تەنیا بەنداو دروست ناکەین، بەڵکوو پەرە بە شارەزایی و سەرچاوەی مرۆییی ئەم بوارە دەدەین، بۆیە نەخشەسازی و پشکنین و سەرپەرشتی و بەڵێندەرایەتییەکەشی هەمووی خۆوڵاتینن.
ئەم بەنداوە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی 30 مەترە و پانییەکەی 180مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا کۆ دەکرێتەوە.
بەنداوەکە دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت؛ هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.
سەلام محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، لەمبارەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: ئومێد دەکەین ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ساڵیک کەمتردا تەواو بکەین، لە کاتێکدا پێشووتر نزیکەی سێ ساڵ بۆ پرۆژەیەکی وا پێویست دەبوو، چونکە ئێمە سیستەم و ئامێری تازە بەکار دێنین؛ 24 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، خزمەتی باش بە گەشتیاری و سامانی ماسی و کشتوکاڵی و هەلی کار دەکات.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەم بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر سامانی ئاو، پلانی فرەلایەنی بۆ بەنداوسازی و پۆندسازی خستە گەڕ و دەیان بەنداو و پۆندی دروست کردووە و دەیانی دیکەش لە تەواوبووندان.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: