سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: لەگەڵ بایکۆت نین بەڵام پاڵپشتی دابەشکردنی مووچە دەکەین

(0) / / کردستان / زایەڵە مامۆستایان بایکۆت کوردستان مووچە


Sep 25, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند:  لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە داواکاری خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچەی مامۆستایانیان کردووە، سەبارەت بە بایكۆت و دەوامكردن راشیگەیاند كە لەگەڵ بایکۆتی دەوامی مامۆستایان نین بەڵام پاڵپشتی دابەشکردنی مووچە دەکەن بۆ ئەوەی دەوام بکرێت.
 
وترشی: ئێمە وەكو شاندێك لەگەڵ سەندیكای مامۆستایانی عێراق و سەرۆكی مامۆستایانی جیهانی كە پەیوەندییەكی باشمان لەگەلیاندا هەیە ئەوانیش هاوڕان لەگەڵ ئێمە لەسەر بابەتی مووچە، بەیەكەوە لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان جیهان سەردانی بەرێزان سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراقمان كرد. سەبارەت بەكۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆمەڵێ داواكاری و كێشەوگرفتی خەڵكی كوردستانمان بەبەرێزیان گەیاند. 
 
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەشكرد: پەیامی ئێمە بۆ سوودانی ئەوەبوو کە ئێمە لەیەك دەوڵەت دەژین ئەگەر بڕیاردراوە دوو دەوڵەت بین تا بزانین ئەگەریش یەك دەوڵەتین چۆن لە بەسرەو كەركوك و ناوچەكانی دیكە مامۆستایان مافی خۆیان هەیە ئێمەش دەبێ مافمان هەبێت و مووچەكانمان لەكاتی خۆی وەربگرین، دەبێ حکومەتی عێراقی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێ بەهۆی وەستانی نەوتەوە ئەو بارودۆخە هاتۆتە ئاراوە. 
 
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد: پێموایە سوودانی ڕژدە لەسەر چاڕەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی بەوەکرد کە ناردنی پارە بابەتێکی یاساییەو لەهەوڵدان چارەسەری بۆ بدۆزنەوە تا هیچ گرفتێک ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، چونکە قەوارەی هەرێم قەوارەیەکی دەستووریی و یاساییە، هەروەك گوتیشی "لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەهەوڵداین بگەینە ئەنجام.
 
 ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوەکرد : هەلوێستی سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەلوێستێکی ئەرێنییە بەڵام بەشێکی زۆری شەقامی عەرەبی لە عێراق دژی ناردنی پارەن بۆ هەڕێم.
 
سەبارەت بەرەوشی خوێندن و دەوامكردن، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەكرد كە "لەگەڵ راگەیاندنی لیستی مووچە، داوامان لە مامۆستایان کردووە ئەگەر پێیان دەکرێت، بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن واتا هەڵبژاردنەکە بە دەستی خۆیانە و زۆر لە کەس ناکەین، ئێمە داوامان لە هیچ مامۆستایەک نەکردووە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن، دژیشی نین چونکە مامۆستایان خۆیان بڕیاریان داوە، بەڵام کە مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا، دەستپێکردن بە دەوام شتێکی باش دەبێت.
 
کامەران کەریم