بۆردوومانکردنی 16 پێگەی پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە

(0) / / ترکیه / زایەڵە تورکیا پەکەکە هەرێمی کوردستان


Oct 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 16 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە بۆردوومانکراون. 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوەکەدا کە کاژێر 21:11ی سێشەممە، 3-10-2023، بڵاویکردەوە، دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی تورکیا کراون و "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی پەکەکە/کەجەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان؛ کاژێر 20:00ی رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامدرا".
 
سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 16 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختیکردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا رێکاری تەواو گیراوەتەوە بەر بۆ ئەوەی خەڵکی بێتاوان و شوێنی مێژوویی زیانیان بەرنەکەوێت.