سەرۆک وەزیرانی عێراق داواى کاراکردنى لیژنە ئەمنییەکان لەگەڵ تورکیا دەکات

(0) / / عراق / زایەڵە عێراق تورکیا شیاع سودانی


Oct 06, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیرى دەرەوەى وڵات رادەسپێرێت بۆئەوەی پەیوەندی بە هاوتا تورکییەکەیەوە بکات بۆ کاراکردنى لیژنە ئەمنییەکانى نێوانیان و چارەسەرکردنى کێشە ئەمنیەکانى سنووری نێوان دوو وڵاتەکە. 
 
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد،  محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان داواى لە فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە کردووە پەیوەندى بە وەزیرى دەرەوەى تورکیا بکات بۆ کاراکردنى لیژنە ئەمنییەکانى نێویان، بۆ چارەسەرکرنى کێشە ئەمنیەکانى سنوور.
 
ئەو بڕیارە لەمیانى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بوو کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتى کردووە.
 
کێشەى سەرەکیى سنووریى نێوان عێراق و تورکیا بۆردوومانکردنى ناوچە سنورییەکانە؛ ئەنقەرە بوونى پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەو ناوچانە بەپاسا و دەزانێت بۆ بۆردوومان کردنیان لەکاتێکدا عێراق ئەو هەنگاوە بە بەزاندنى سەروەرى خاکەکەى دەزانێت. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دامەزراندنى سیستمێکى زانیارى کردووە بۆ دادوەریى تاوان، کە ئەرشیفى دادوەرى تێدا هەڵبگیرێت تاوەکو لەرێگەیەوە بەدواداچوون بۆ جووڵەى ئەو کەسانە بکەن کە تۆمەتبارن.
 
بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە رێککەوتنى ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و باسیان لە هاوئاهەنگى نێوانیان کردووە لەپێناو جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، کە تایبەتە بە پاراستنى سنوورى نێوان عێراق و ئێران و رێگرى لە دیاردەى چەکداریی بە درێژایی سنوورەکە.