هەڕەشەی بڕینی 700 ملیارەكەی مووچە دەكرێت

(0) / / عراق / زایەڵە مووچە هەرێم بودجە یوسف کیلابی


Oct 13, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نەبێت ئەوا پڕۆسەی ناردنی پارە بۆ هەرێم کۆتایی دێت.

لەدوای ڕێككەوتنی شاندی هەرێم و عێراق بۆ ناردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕیار درا هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێم لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری بكرێن بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و كۆتایی هێنان بە ئاستەنگەكان، هەرچەندە تەیف سامی چووە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا ئاوات شێخ جەناب نەچۆتە پەرلەمانی عێراق.

یوسف کیلابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە:  دەبوو ئەم هەفتەیە وەزیری دارایی هەرێم بێتە ئێرە، بەڵام نەهاتووە. ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر دواخستنی ئامادەنەبوون، ئەوكات بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی ناردنی پارە كۆتایی دێت و ئیتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بنێرینە هەرێم.

ڕاشیگەیاندووە: چەندین جار بەهۆکاری جیاواز دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ بانگێشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دواخراوە و لەهەفتەی ڕابردووشدا حکومەتی هەرێم بەنووسراوێک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردەوە، کە تا دوو هەفتەی تر ناتوانێت سەردانی بەغدا بکات بەهۆی سەرقاڵییەوە لە وەزارەت.

لە هەفتەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم وەڵامی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە بۆ ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ڕایگەیاندووە، تا دوو هەفتەی دیكە ناتوانێت ئامادەبێت.

کامەران کەریم