هاوشێوەى ساڵانى ڕابردو بەڕێژەى (١٠٪) تا (٢٠٪) کرێی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنرا
(0) /
زایەڵە - وەزیرى خوێندنى باڵاڕایگەیاند:بۆ ئەمساڵیش داشکانى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەردەوامە، لەپاڵ ئەم داشکانەشدا دەبێت زانکۆکان هاوکاری زیاتری خوێندکاران بکەن.
لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: چاوەڕوانی ئێمەو خەڵک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەوەیە بەئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کواڵتی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن.
د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکەدا کە راوێژکارى وەزیر و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیای جۆرى و بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت ئامادەیبون، د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە گرنگییەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت و چاوەڕوانی وەزارەت و خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کەبتوانن لەڕوی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان و سیستمی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن نمونەی سەرکەوتو و ناوازە پیشکەش بکەن و هەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و متمانەی دامەزراوەیی بۆ زانکۆکان.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە پلانى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان و دەرفەتى یەکسان بۆ هەموان کرد و وتى: ئێمە لە ماوەی ڕابردودا کارمان کردوە بۆ ئەوەى ڕیفۆرمى قوڵ لە سیستمى خوێندنى وڵاتەکەمان بکەین بەتایبەت بۆ پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانى خوێندن، بەشێکى ئەم پڕۆگرامانە پەیوەندیداربون بەخوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بەشی دیکەى بریتی بوە لەوەى هەموو گەنجانی وڵاتەکەمان دەرفەتیان هەبێت لەناو وڵاتی خۆمان خەونەکانیان بێتەدی و ڕێگە بگرین لە کۆچی بەلێشاوی هزرو توانا مرۆییەکان و چونە دەرەوەو بەهەدەردانی سەرمایەی نیشتیمانی.
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەشێوەیەکى تایبەت بەشێکى دیکەى وتەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو بەڕێژەى (١٠٪) تا (٢٠٪) کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی جیاوازەوە هاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان.
سەبارەت بەپلان و ستراتیجیەتى وەزارەت بۆ بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار، وەزیرى خوێندنى باڵا وتى: پرۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوەو باشتر دەرچوان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن، بۆ ئەوەش باسى لە پلان و ستراتیجیەتى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕوپێوی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لەهەمو بوارەکانی کەرتی ئابوری و پیشەسازی جێگایان بکەینەوە.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن سەرۆکى زانکۆ تایبەتەکان، چەندین پرسى پەیوەست بە کۆنمرەى وەرگرتن لە خوێندنى تایبەت و پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ و چەند بابەتێکى پەیوەست بە زانکۆ تایبەتەکان خرانەڕو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: