لە مانگێکدا 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

(0) / / عراق / زایەڵە عێراق سووریا ئەمریکا


Nov 17, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، تائێستا 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا. راشیگەیاند، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگی و کارکردن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پاراستنی هێزەکانیان. 
 
 سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن درەنگیی شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستاش 58 جار".
 
لە وەڵامی رۆژنامەڤانێک کە ئایا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چاوەڕێی کوژرانی سەربازێکی دەکات تاوەکو وەڵامی هەبێت، سینگ گوتی، "بێگومان نەخێر."
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی: "هەموو ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر پێگەکانمان، هێرشی شکستخواردوو بوونە و تائێستا هیچ زیانێکی گیانی یان ژێرخانمان نەبووە، ئەوانەشی لە رابردوو برینداربوون، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان."
 
سابرینا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکاوە گوتی، "تائێستا لە سووریا سێ جار بە تووندی هێرشمان کردووەتە سەر چەندین پێگە و کۆگای چەکی ئەوان، هێرشەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەستیان بە چەکەکانی خۆیان نەگات."
بەگوێرەی سابرینا سینگ، تائێستا 27 هێرش لە عێراق و 31 هێرشیش لە سووریا کراونەتە سەر هێزەکانیان.