زایەڵە نوێترین زانیاری کەش وهەوا بڵاودەکاتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشوهەوا دهۆک کوردستان بارانبارین


Nov 20, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بەشی پێشبینییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پێشبینییەكانی كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتووی بڵاو كردەوە، لەبارەی كەشوهەوای ئەمڕۆ باس لەوە كراوە، لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بە جۆرێك لە كاتەكانی بەیانی تاوەكوو نیوەڕۆ، بارانی بەلێزمە و برووسکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، زۆرترین ڕێژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان دەبێت.
 
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەمڕۆ لە كاتەكانی بەیانی تاوەكوو نیوەڕۆ، لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی ئاکرێ، شیلادزێ و ناوچەکانی دەوروبەری، زۆرترین ڕێژەی دابارین دەبێت، پاشان کاریگەرییەكەی کەم دەبێتەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکاندا باران بەردەوام دەبێت، بەفریش لە شاخە سنوورییەكانی ئەم ناوچانە دەبارێت.
 
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر و لە سەنتەری شار، هەروەها لە ناوچەكانی كۆیە، هیران و دەوروبەری، تا کاتەکانی نیوەڕۆ ئەگەری دابارینی زۆر هەیە بەشێوەی لێزمەباران و برووسکە، پاشان لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا، کاریگەرییەكەی لاواز دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بە شێوەی نمەباران و بەفر بەردەوام دەبێت.
لە پارێزگای سلێمانییش، لە كاتەكانی پێشنیوەڕۆدا، لە سەنتەری شار و زۆربەی ناوچەكان، بارانی بەلێزمە و برووسكە دەبێت، كاریگەرییەكەشی تاوەكوو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوە ڕوونیشی كردووەتەوە، كە لە ناوچەکانی گەرمیان، لە کاتەکانی بەیانی تاوەکوو پێشنیوەڕۆ، ڕێژەی دابارین زۆر دەبێت، بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری چەمچەماڵ و سەنگاو قادر کەرەم و دەوربەری، پاشان لە دوای نیوەڕۆدا، کاریگەرییەكەی لاواز دەبێت.
لە پاریزگای هەڵەبجەش لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ کاریگەریی ئەم شەپۆلە برووسکە و لێزمەبارانە دەگاتە سەنتەری شار و دەوروبەری، تا ئێوارەش كاریگەرییەكەی بەردەوام دەبێت.
لەبارەی كەشوهەوای سبەی سێشەممە، بەشی پێشبینییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە داوە، سبەی ئاسمان هەور دەبێت، بارانبارین بە شێوەی نمەباران بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵات و باكووری ڕۆژهەڵات، ئەگەری بەفربارین هەیە، لە كاتەكانی شەودا كاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینە كۆتایی دێت و ئاسمان بۆ نیمچەهەور و ساماڵ دەگۆڕێت.
کامەران کەریم