پەرلەمانتارێک: لە بەغدادەوە داوای خەرجكردنی دەرماڵەیەك بۆ كارمەندان دەكرێت
(0) /
زایەڵە - پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت: هەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی تایبەت بە بەشەخۆراك و ئاردی هاوڵاتییان بەردەوامە و داوای خەرجكردنی دەرماڵەی هاندانی مانگانە و دەستكەوتی فەرمانبەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێلەی سلێمانیمان كرد.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بەزایەڵەی ڕاگەیاند: وەك ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆمپانیای دروستكردنی دانەوێڵەمان كرد و لەگەڵ خالید ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی كۆبووینەوە.
وتیشی: گفتوگۆمان كرد لە بارەی میكانیزمی كارەكانیان و ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاوڵاتییان دەكرێت و دواتر باس گرفتەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كران و داوامانكرد كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی هاندانی مانگانە و دەستكەوتی فەرمانبەرانییان بۆ خەرجبكرێت و بەبێ دواكەوتن لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو: باسمان لە گرفتی هەندێك لە ئاشەكانی سلێمانی كرد كە دووچاری رۆتینێكی زۆردەبن لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە و هەوڵەكانیشمان بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانی پەیوەندیدار بە بەشەخۆراك و ئاردی هاوڵاتییان بەردەوامە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: