وەزارەتی کارەبا: خواست لەسەر کارەبا 6 هەزار مێگاواتە بەرهەمیش 3 هەزار مێگاواتە

(0) / / کردستان / زایەڵە کارەبا هەرێم


Nov 30, 2023

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ خواست لەسەر کارەبا 6 هەزار مێگاواتە بەرهەمیش 3 هەزار مێگاواتە و زیادکردنی کارەبا پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە.

لە دیوانی وەزارەتی کارەبا، بە سەرپەرشتیی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کەمبوونەوەی کارەبا و سیستەمی پریبەید بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا و پڕۆژەی پریپەید و نرخی کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان خرایەڕوو و پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پشتگیریی خۆیان بۆ پێشنیاری وەزارەتی کارەبا بۆ دابەزاندنی نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان دەربڕی، کە لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دایە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارگرانیی سەر کارەبا کرا، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە.

کامەران کەریم