سودانی فەرماندە سەربازییەکانی راسپاردوە بە هیچ شێوەیەک لە هەڵبژاردنی تایبەتدا دەستوەردان نەکەن

(0) / / عراق / زایەڵە سوودانی فەرماندەی سەربازی عێراق


Dec 05, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرماندە سەربازییەکانی راسپاردوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە هەڵبژاردنی تایبەتدا نەکەن و سەربازەکان ئازادبن لە دەنگدان بە هەر کەس و لایەنێک کە خۆیان دەیانەوێت.

لە راگەیەندراوێکدا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە عێراق رایگەیاند: لە پێناو پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی لە هەر کاریگەریەکی نەرێنی، محەمەد شیاح سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕێنمایی سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی کرد کە کاربکەن و پابەندبن بە دڵنیابوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە کاتی دەنگدانی تایبەتدا و بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان نەکەن.

ئەوەشی خستۆتەڕوو: سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەبوونی هەر ئاماژەیەک کە تێیدا سەربازەکان هەست بە کۆنترۆڵکردن بکەن لەلایەن فەرماندەکانیانەوە قەدەغەیە، هەروەها دەبێت بەدواداچوون بکرێت سەبارەت بە هەر حاڵەتێکی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی تایبەتدا و پێویستە ئەو حاڵەتەش کۆنترۆڵبکرێت.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە عێراق دەشڵێت: محەمەد شیاع سودانی لە ڕێنماییەکانیدا جەختی لە گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە کاتی دەنگداندا بۆ سەربازەکان کردووەتەوە کە بتوانن وەک هاوڵاتییەک کە ئازادە لە هەڵبژاردندا بە پێی دەستوور و یاساکان دەنگبدات.

کامەران کەریم