شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات

(0) / / کردستان / زایەڵە باران هەرێمی کوردستان


Dec 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شارەزایەكی بواری كەشناسی ئاشكرای دەكات، لەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی نوێی بارانبارین ڕوو لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئاراس جەبارشارەزای كەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند:سەرەتا لەكاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ شەو بەھۆی درێژبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەكانمان ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای عێراق و سنووری پارێزگای دھۆك و ئیدارەی زاخۆ لەكاتی جیاوازدا ئەگەری دروستبوونی ھەورە بروسكە و تاوە باران بە ڕێژەی جیاواز دەبێت لەناوچەكانی دیكەدا ئەگەری نمە باران لەھەندێك كاتدا دەبێت.

"وتیشی: كاریگەری ئەم ناسەقامگیریە تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەمە بەردەوامی دەبێت ، بۆ سبەینێ ئاسمانی ھەرێم بە درێژای كاتەكان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران لە كات و شوێنی جیاوازدا و پلەكانی گەرما بە ڕێژەی ١ تا ٢ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لە نێوان ٥ بۆ ١٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بە ئاڕاستەی باكووری ڕۆژھەڵات .

ئەو شارەزای كەشناسە دەڵێت:سبەی شەو كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆكەی دەریای سوور لەسەر ناوچەكانمان چالاك دەبێتەوە و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەكان دەستپێدەكاتەوە بە ڕێژەی مامناوەند و ڕۆژی چوارشەممە چەقی كاریگەری ئەم شەپۆلە دەبێت بە تایبەت لەسەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بە شێوەی بارانی بەردەوام و ھەندێك كات ھەورە بروسكە و لێزمە باران لە ناوچەكانی دیكەشدا ئەگەری بارانی باش و مامناوەند دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەكاندا و نزمبوونەوەی زیاتر لە پلەكانی گەرما.

کامەران کەریم