کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەی ئاشکراکرد
(0) /
زایەڵە - کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بەفر لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و بارانبارینیش بەردەوام دەبێت، دەشڵێت، ئەم شەپۆلە سبەی بەکۆتا دێت.
کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە: ئەمڕۆ چوارشەممە، پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٤ پلە نزمدەبنەوە و ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، باران لە سەرجەم ناوچەکان دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە ئەمڕۆ لەسەر بەشەکانی رۆژئاوای هەرێم تا کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەشێوەی نمە باران دەبێت و لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت.
ئەوەش هاتووە: لەدوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆسەر بەشەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگا و بەشی رۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە بارانی مامناوەندی دەبێت.
کەشناسی دەشڵێت: ئیدارەی راپەرین و سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی دابارینی مامناوەنددەبێت و بەفر لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنووریەکان دەبارێت.
کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەی ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە: کاریگەری ئەم شەپۆلە لە درەنگانی شەودا لاواز دەبێت بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەکە کۆتایی دێت.
راشیگەیاندووە:سبەی پێنجشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەگشتی نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی دەمینێتەوە، لەدوای نیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و ساماڵ و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : ١٦ پلەى سیلیزى
سلێمانی : ١٥ پلەى سیلیزى
دهۆک : ١٥ پلەى سیلیزى
کەرکووک : ١٩ پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : ١٧ پلەى سیلیزى
زاخۆ : ١٥ پلەى سیلیزى
گەرمیان : ٢٠ پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: ٥ پلەى سیلیزى
سۆران : ١٣ پلەى سیلیزى
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: