بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی و كەركوك دوانەیەكی لێكدانەبڕاون و هەرواش دەمێنێتەوە
(0) /
زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك لەگەڵ لێپرسراوی بازنەكانی هەڵبژاردنی هەڵمەتی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دوایین هەنگاوەكانی هەڵمەتی بانگەشە و سەرخستنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كرا و جەخت لە بەردەوامیدان بە هەڵمەتێكی ئارام كرایەوە بە شێوەیەك خواستی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی شارەكە بەرجەستە بكات.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتەیەكدا جەختی لە بەردەوامی هەوڵەكان و بانگەشەیەكی ئارام بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كردەوە و رایگەیاند، سەرخستنی هاوپەیمانییەكە زامنی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ شارەكە دەكات، بۆیە پێویستە هەمووان بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و وەفادارییەوە لە خزمەت شارەكە و كەركوكییە سەربەرزەكاندا بن بەهەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانەوە.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بافڵ كوردستانیبوونی كەركوكی دووپاتكردەوە و رایگەیاند، یەكێتی و كەركوك دوانەیەكی لێكدانەبڕاون و هەرواش دەمێنێتەوە، لەهیچ بارودۆخێكدا پشت لە خاك و خەڵكەكەمان ناكەین، لە خزمەت هەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكاندا دەبین بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە و سازشی لەسەر ناكەین، كوردستانیبوونی شارەكە و خۆبەختكردنمانە لەپێناویدا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆك بافڵ سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی كەركوك و كەركوكییە سەربەرزەكان كرد كە وەك هەمیشە دڵسۆزی و قارەمانێتی خۆیان سەلماندووە و لەگەڵ هاوپەیمانییەكەی خۆیان لە رۆژی دەنگداندا شانازییەكی تر لەمێژوودا دەنووسنەوە.
تێبينيێك بنێرە: