دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێ کرد
(0) /
زایەڵە - پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەمڕۆ دووشەممە، لە ١٥ پارێزگای عێراق دەستی پێ کرد کە تیایدا پێنج ھەزار و ٩٠٤ کاندید ڕکابەری بۆ بەدەستھێنانی ٢٨٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
لە کۆی٢٨٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ٧٥ کورسیان بۆ ئافرەتان و ١٠ کورسیش بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانییەوە بەڕووی دەنگدەران کراونەتەوە و پڕۆسەکەیش تا کاتژمێر ١٨:٠٠ بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: "زیاتر لە ١٦ ملیۆن دەنگدەر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن پارێزگاکان مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن دەنگ بدەن".
باسی لەوەیش کرد پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ٣٥ ھەزار ٥٥٣ وێستگەی دەنگدان کە بەسەر حەوت ھەزار و ١٦٦ بنکەی دەنگداندا دابەشبوون، بەڕێودەچێت و گوتی: "پێویستە دەنگدەران لە کاتی چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان، کارتی دەنگدان، هەروەها بەڵگەنامەی فەرمی لەگەڵ خۆیاندا بەرن، ئەگەر نا ئەوە ڕیگایان پێ نادرێت دەنگ بدەن".
ئاماژەی بەوەیشدا کە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەلایەن نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و گوتی: "ھەر دەنگدرێک کە تا ئێستا کارتی دەنگدانەکەی وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانێت ئەمڕ سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان و کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە".
ئەوەیشی خستەڕوو کە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار چاودێر، نزیکەی دوو ھەزار چاودێری نێودەوڵەتی و نزیکەی ٥٠٠ ھەزار بریکاری پارتەکان، چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
ھێچ بنکەیەکی دەنگدان لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکان ھەرێم نەکراوەتەوە و لەوبارەیەوە جومانە غەللای گوتی: "ئەو دەنگدەرانەی کە خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن، بەڵام ئێستا لە پارێزگاکانی ھەرێم نیشتەجێن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و لەوێ دەنگ بدەن، چونکە پڕۆسەکە پارێزگاکانی ھەرێم ناگرێتەوە".
ئەمە یەکەم جارە، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دوای ١٠ ساڵ لە ١٥ پارێزگا و دوای ١٨ ساڵ لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.
ھاوکات لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بیانووی جیاجیا، ئەنجام نەدراوە.
تێبينيێك بنێرە: