کۆتایی هاتنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
(0) /
زایەڵە - کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە 18ى کانوونى یەکەم، ناوەندەکانى دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق داخران، ئەوەش دواى 11 کاژێر لە دەنگدان. لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێر هەبوو.
یەکەمجار بوو لەدواى ساڵى 2013ەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت و یەکەمجاریشە لەدواى ساڵى 2005ەوە هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
بەگوێرەى ئامارى فەرمى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کاژێر 12:00ى نیوەڕۆ تێکڕاى بەشداریی دەنگدەران لە 15 پارێزگاکە زیاتر لە 16% بووە؛ زۆرترین رێژەى بەشدارى لە کەرکووک بووە کە 32% بووە و کەمترین رێژەى بەشداریش لە پارێزگاکانى میسان و دیالە بووە کە 11% بووە.
15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەبوو. بۆ ئەو مەبەستە حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان ئامادە کرابوون.
ئەرکى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگانیان و پەسندکردنى پارەى پڕۆژەکانە.
تێکڕاى ژمارەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنى تێدا کرا 285 کورسییە؛ 75 کورسی کۆتای ژنن، 10 کۆتاى پێکهاتەکانى کریستیان، کوردی شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی و سائیبەى مەندایین.
206 هەزار و 429 فەرمانبەر سەرپەرشتیى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان کرد و 111 هەزار و 714 کامێراى چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانى دەنگدان دانرابوون بۆ چاودێریکردنى پڕۆسەى دەنگدان.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەدواى 24 کاژێر لە داخستنى سندووقەکانى دەنگدان، ئەنجامى بەرایی رادەگەیێندرێت کە دەکەوێتە کاژێر 18:00ـی رۆژی سێشەممە، 19ى کانوونى یەکەم.
تێبينيێك بنێرە: