کەشناسیی هەرێم: سبەی باران دەبارێت و پلەی گەرما نزمدەبێتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشناسی هەرێم کوردستان بارانبارین بەفر سەرما


Dec 21, 2023

قەبارەی فۆنت:

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی باران دەبارێت و پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممە کاریگەریی ئەو بارانە زیاتر بێت، پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی نزمتر دەبێتەوە.  
 
 بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. 
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی (هەینی)، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا باران لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک دەبارێت، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە هەندێک ناوچەدا بارانی مامناوەند دەبارێت و پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ نزیکەی 2 بۆ 4 پلە نزمتر دەبێتەوە.
 
بەپێی پێشبینییەکان کەشناسیی هەرێمی کوردستان بێت، لەکاتەکانی دوانیوەڕۆی سبەی لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی نمە باران دەبێت، ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و هەولێر هەیە و، پێشبینی دەکرێت بۆ رۆژی شەممە کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر بێت. 
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی سبەی باران دەبارێت، بەڵام لە رۆژی شەممەوە کاریگەری زیاتر دەبێت و تاوەکو شەوی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە هەولێر، سۆران، راپەرین و ئەو سنوورانە، پێشبینی بەفربارینش دەکرێت تەنانەت لە چیا نزمەکانی وەکو چیای سەفینیش. 
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی هەینی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 16 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 14 پلەى سیلیزى
دهۆک: 13  پلەى سیلیزى
کەرکووک: 17 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 13 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى
سۆران: 11 پلەى سیلیزى