بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ رەوانەکردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە

(0) / / جهان / زایەڵە غەززە ئەمریکا ئیسرائیل فەڵەستین ڕووسیا


Dec 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا هاوکاریی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت. ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا.
 
رۆژی هەینی، 22-12-2023، پازدە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاردرا بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە.
 
پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا، بەڵام ڤیتۆشیان نەکرد.
 
ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن و دەتوانن ڤیتۆی پڕۆژە یاساکان بکەن کە ئەو کارەش دەبێتە هۆی رەتکردنەوەی.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەش لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بڕیارەکە هەنگاوێکی بەهێزە بۆ پێشەوە. ئەم ئەنجوومەنە دڵۆپێکی هیوای لە بەرامبەر دەریایەک ئازاردا بەخشی".
 
لە پڕۆژەیاساکەدا کە لەژێر ناونیشانی "رێڕەوی مرۆیی بەپەلە و درێژخایەن لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆ چەند رۆژێک بۆ ئەوەی بتوانرێت دەست بە هاوکاریی مرۆیی تەواو، خێرا، سەلامەت و بێ بەربەست بگات" پێشنیازکرابوو، هیچ بڕگەیەک باسی راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی تێدا نەبوو.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کێشە سەرەکییەکە هێرشەکانی ئیسرائیلە کە ناهێڵێت بە تەواوی هاوکارییەکان دابەشبکەین".