كوێستان محەمەد: هیچ كەسێك لە چاكسازییەكانەوە نەبراوە بۆ كاری لەشفرۆشی
(0) /
زایەڵە - وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رەتیكردەوە ژنان لە چاكسازییەكانەوە برابێت بۆ كاری لەشفرۆشی و دڵنیایی دایە كەسوكاری زیندانیان و ستافی چاكسازیەكان.
كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی: بردنەدەرەوەی ژنان لە چاكسازی تەنها لە دوو حاڵەتدایە ئەگەر نەخۆش بێت یاخود ئەگەر كێشەی یاسایی هەبێت ئەویش هەردو حاڵەتەكە بە رێوشوێنی تایبەتی خۆی دەبێت، جگە لەم حاڵەتانە هیچ پیاوێك و ژن و مێردمنداڵێكیش ناتوانێت بچێتە دەرەوە لەم چوار ساڵەدا، هەركەس بیسەلمێنێت ژنێك بۆ كارێك بەدەر لەو دو حاڵەتە برابێتە دەرەوە ئەوا دەستلەكاردەكێشمەوە.
كوێستان محەمەد راشیگەیاند: ئەوەی نیگەرانی كردوین تۆمەت و ناوزڕاندن بە ژنەكانی ئێمە كراوە، ئێمە لە چاكسازییەكان 172 سزاداراوی ژنمان هەیە تەنها 91 ستافمان هەیە ئەو ستافانە بە شەویش دەوام دەكەن وەك سەربازی ون زۆرترین ئەركیان لەسەرەو ستافەكانیش هەمویان ژنن.
وتیشی: ئەو ژنانەی ناو چاكسازیەكان و ستافەكانیشمان خاوەنی كەسوكارو هاوسەرن ئەوان فشارێكی زۆر و داوای سەلماندنمان لێدەكەن بۆیە ئەگەر ستافەكانمان مان بگرن ئەوا چاكسازییەكان بێسەرپەرشت دەمێننەوە، بۆیە رونكردنەوە دەدەین و دڵنیایی دەدەینە كەسوكاری سزاداراون و ستافەكانمان كە دەیانپارێزین.
تێبينيێك بنێرە: