سەرۆک کۆمار لە سلێمانی چاوی بە ژمارەیەک روناکبیر و نوسەر و رۆژنامەنوس کەوت
(0) /
زایەڵە - سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە پارێزگای سلێمانی چاوی بە ژمارەیەک روناکبیر و نوسەر و رۆژنامەنوس کەوت.
لەڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار کەوێنەیەکی دەست زایەڵەی کەوتووە هاتووە: لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24-12-2023 بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی وڵات، هەروەها باسی لە گرنگترین بڕگەکانی کارنامەی حکومەت کرد، کە بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و هاندانی وەبەرهێنان و کردنەوەی دەرگای هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە ئاسۆیەکی بەرفراوان بۆ وەبەرهێنان رەخساوە لەبەر رۆشنایی سیاسەتی کرانەوەی حکومەت بەڕوی وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا و جەختیشیکردەوە کە هەموو وڵاتانی جیهان شانازی بە مێژو و رۆڵ و پێگەی عیراق و بەشداریکردنی لە بوارە مرۆییە جیاجیاکاندا دەکەن.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم بنیاتنانەوەی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم دوپاتکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەیدا بەگرنگی پابەندبوون بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە و دەستەبەرکردنی موچە و شایستە داراییەکان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی هاوتاکانیان لە تەواوی پارێزگاکانی وڵات.
سەرۆک کۆمار ستایشی رۆڵی گرنگ و کاریگەرانەی حکومەتی کرد لە نەهێشتنی تیرۆر و ئەرکە هەنوکەییەکانی بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، جەختیشیکردەوە لەسەر پەلەکردن لە ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارە بۆ زێدی خۆیان، ئاماژەشیکرد بەوەی هێشتا ئەوان لە دۆخێکی سەختدا دەژین و کەمپی ئاوارەکان شوێنی شیاونین بۆ ژیان.
سەرۆک کۆمار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای یەکخستنی گشت توانا و هەوڵەکان کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی بڵاوبونەوەی بەڵای ماددە هۆشبەرەکان، چونکە مەترسیی راستەقینەن لە سەر کۆمەڵگە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی دەستەبەرکردنی رۆڵی پێکهاتەکان لە بونیادنانی عیراقی نوێدا، هاوکات ستایشی گەشەکردنی شارەکانی کرد، کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەخۆیانەوە بینیوە، پێویستە پارێزگا جیاوازەکانی عیراقیش بگرێتەوە.لەبەرامبەردا ژمارەیەک لە بەشداربوانی دیدارەکە لە نوسەران و روناکبیران، پێشنیار و بۆچوون و بیرۆکەیان سەبارەت بە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکییە ئەدەبی و کەلتووریەکان خستەڕو، هەروەها هیوایان خواست بەڕێزیان هاوکاربێت لە هەوڵەکان بۆ کۆتایهێنان بە هەلومەرجی سەختی ئابوریی هەرێم لە رێگەی داواکردن لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم تا پابەندبن بە رێککەوتنەکان بەتایبەت یاسای بودجەی فیدراڵی.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: