لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی لە فڕۆکەخانەی هەولێر؛ ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا

(0) / / عراق / زایەڵە هەولێر کەتائیبی حیزبوڵڵا


Dec 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و ژمارەیەکی لێ کوشتن، ئەمە وەک بەرپرسانی ئەمریکا باسی دەکەن. 
 
بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کراونەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
 
ئەوە لەکاتێکدایە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە. 
 
رۆژی سێشەممە، لە بارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا، مایکڵ کوریلا گوتی "ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانن لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین."
 
لە بارەی سەربازە بریندارەکانی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە برینداربوون."
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن.