لاهور شێخ جەنگی: سەرئەنجام ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام

(0) / جهان


Apr 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەبارەت بەپەسەندکردنی بودجەی گشتی عێراق هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی کرد: ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ راستكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانی نێوان ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له‌ ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پەیامی هاوسەرۆکی  یەکێتی   لاهور  شێخ  جەنگی  سەبارەت  بە پەسەند کردنی  بودجەی گشتی  عێراق، دوای هەوڵ و فشارێکی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بکرێت. ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ راستكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانی نێوان ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له‌ ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی، کە ماوەیەکی زۆرە له‌ چاوه‌ڕوانی ئاسۆیه‌كی گه‌شدا ماونەتەوە. ئەم دەستکەوتە دیاری و چەپکە گوڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە کە پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەکات.

لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تیمی دانووستانی ‌‌‌‌حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنی سەوز و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەم بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا. هه‌روه‌ها بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ده‌كه‌م کە هاوڕا له‌گه‌ڵ ئێمه، بەردەوام جەختیان لەوە كردۆته‌وه کە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمان، تاكه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا رێكبكه‌ون. سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیش دەکەم کە پشتیوان و هاوکارمان بوون لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی كوردستان. هیوادارین ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێککەوتنی نێوانیان وەک ئەوەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزه‌ری ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی كوردستان و عێراقه.

کامەران کەریم