شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر چی رێککەوتوون ؟
(0) /
زایەڵە - شاندی هەرێم و بەغدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ٥٠٪ـی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت بەشێوەیەک، کە سەرجەم داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم دەچێتە بەغدا و دواتر ٥٠٪ـی رەوانەی هەرێم دەکرێتەوە.
شاندی هەرێم رازی بوون بەوەی رۆژانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و کۆمپانیای سۆمۆش سەرپشکە لەوەی ئەو نەوتە تێکەڵ بە نەوتەکەی خۆی دەکات و هەناردەی دەرەوەی دەکات یاخود بۆ ناوخۆ بەکاری دێنێت.
سەبارەت بە یاسای بودجە هەریەک لە ماددەکانی ١١ و ١٢ و ١٣ کە مووچەی فەرمانبەران و داهاتی خاڵە گومرکییەکان و تێچووی دەرهێنانی نەوت دەگرنەوە هەمواردەکرێنەوە.
هەروەها حکومەتی ناوەندی رازی بووە بەوەی کە بڕێک پارەی زیاتر لە هەمواری یاسای بودجەدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر بکات بەوپێیەی حکومەتی عێراق رازی بووە بەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نزیکی یەک ملیۆن و ١٨٠ هەزار فەرمانبەر تۆمار بکات.
شاندی هەرێم داوای زیاتر لە ٧٧٠ ملیار دیناری کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، تاوەکو کاتی هەموار کردنەوەی یاسای بودجە، بەڵام حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە ناردنی ٧٣٠ ملیار دینار.
تێبينيێك بنێرە: