وەزیری پێشمەرگە:  سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی هێزی پێشمەرگە دەکات

(0) / جهان


Apr 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند چۆن بەڵێنماندا کە ماف و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە نافەوتێت، لەمڕۆوە تا بەیانی دەست بەدابەشکردنی  مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ۱ی٤ی ۲۰۲۱ لەپەیامێکدا، سوپاس و ستایشی خۆڕاگری و هەڵوێستی دلێرانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات لەپشوو درێژیان بەرامبەر بە دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی رابردوودا.

وەزیری پێشمەرگە، رایدەگەیێنێت چۆن بەڵێنماندا کە ماف و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە نافەوتێت، لەمڕۆوە تا بەیانی دەست بەدابەشکردنی  مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت، و کۆی  شایستەداراییەکانیانیشیان دەستەبەر کراوە.  هاوکات لەداهاتووشدا کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دەکەین.

وەزیری پێشمەرگە، جەختدەکاتەوە کە  حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بە ئەرک و ئەولەویەتی خۆی دەزانێت، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ دروستکردنی هێزێکی سەربازیانەی یەکگرتووی نیشتمانیانەی سەربەخۆ.

وەزیری پێشمەرگە لەکۆتایی پەیامەکەدا، دووپاتدەکاتەوە کە بەردەوام دەبن و کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دەکەن.

کامەران کەریم