محەمەدی حاجی مەحمود: ڕێککەوتنێکی خراپ کرا و پشکی کورد  زۆر کەمکراوەتەوە

(0) / اقتصادی


Apr 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

محەمەدی حاجی مەحمود رایگەیاند، زۆر کەس خۆی کردووە بە پاڵەوانی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، بەڵام هەرکەس رێککەوتنەکەی کردبێت باشی نەکردووە، دەشڵێت، ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا کراوە، رێککەوتنێکی خراپە و بەغدا هەرچی وتووە کورد کردوویەتی."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشکی کورد بەراورد بە پێشتر زۆر کەمکراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات."
محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، "زۆر کەس خۆی کردووە بۆ پاڵەوانی رێککەوتنەکە، بەڵام هەرکەس رێککەوتنەکەی کردبێت باشی نەکردووە، جگە لەوەش شتێکی کاتییە"، وتوشیەتی، "پێموانییە هەموو شتەکان لە قازانجی کورد بێت، بەڵکو لە قازانجی حکومەتی عێراق کراوە."
سکرتێری حزبی سۆسیالیست باسی لەوەشکردووە، "کورد پێویستە نێو ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و داتەکانی خۆی رێکبخاتەوە، تاوەکو هەرێم پێویستی بە بەغدا نەبێت و بەغدا پێویستی بە کورد بێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى ١٨ سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا، حکومەتی هەرێم و عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجەى ٢٠٢١، کە تێیدا ناردنى پشکى هەرێم بەستراوەتەوە بە پابەندبوونى حکومەتى هەرێم بە ماددەى ١١ى بودجەکەوە.