دوو پەرلەمانتار: پارتی ژمارەی ساختەی پشکنین و توش بوو لە هەولێر و دهۆک بڵاو دەکەنەوە/ ترس بڵاو دەکەنەوە

(0)


Apr 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

هەریەك لە غالب محمد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بڵاویانكردەوە، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە، تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و توشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، غالب محمد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، ماوەی ساڵێکە مەسرور بارزانی ژمارەیەک بەرپرس و وەزیری بێ ئاگا لە ژیانی خەڵک کردوە بە بەڵا بەسەر ژیانی کاسپکاران و کرێکاران و شۆفێران و هاوڵاتیانی ئاسایی، لە کۆشکەکانی خۆیانەوە بە ئارەزوی خۆیان بریار دەدەن بێ ئەوەی هیچ بەلایانەوە گرنگ بێت خەڵک چۆن دەژی.

دەشڵێن، بریاری تازەی ئەم لیژنە بێ سەروبەرەی مەسرور سەپاندنی رێنمایی توندی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵەکانی وەرزش و مزگەوت و شوێنی پەرستگاکانە کە ئەم جێگایانە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت رێنمایی تەندروستییان تێدا جێبەجێ بکرێت بێ ئەوەی دابخرێن.

ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكەن، پارتی ژمارەی ساختەی پشکنین و توش بوو لە هەولێر و دهۆک بڵاو دەکەنەوە و ترس بڵاو دەکەنەوە، وەك خۆیان دەڵێن، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و توشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە و لە دوو هەفتەی رابردوو رۆژانە کەمتر لە (۳٠٠) پشکنین کراوە لە هەریەک لە هەولێر و دهۆک لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین رێژەکە سەروو (۲٠٠٠) پشکنینە.

بە پێویستی دەزانن، پەرلەمانی کوردستان بەزوترین کات دەست بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە لیژنەکانی حکومەت بکات کە بازار و گوزەرانی خەڵکیان خستۆتە مەترسی، ئەو لیژنەیە خۆی لە کۆرۆنا مەترسیدار ترە بۆ خەڵک.