ئاماری دابەشكردنی نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا بڵاوكرایەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە نەوت سلێمانی


Jan 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماری دابەشكردنی نەوتی هەرێم و عێراق بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بڵاودەكاتەوە و دەڵێت:  "زیاتر لە یەك ملیۆن و 170 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوون.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست زایەڵە  كەوتووە و تێیدا هاتووە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تا 24ی ئەم مانگە زیاتر لە 234 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییان دابەشكراوە كە هەولێر، نزیكەی 96 ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 89 ملیۆن لیتر و دهۆك، زیاتر لە 49 ملیۆن لیتر.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:  تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن 170 خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حكومەتی هەرێم سوودمەندبوون و دەكاتە رێژەی زیاتر لە (90%)ی كۆی ژمارەی خێزانەكانی هەرێم.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە:  وەزارەتی نەوتی عێراق تا 24ی ئەم مانگە زیاتر لە 17 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە و بەم شێوەیە لەسەر پارێزگاكان دابەشكراون هەولێر، نزیكەی هەشت ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر و دهۆك، زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر كە نزیكەی 69 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حكومەتی عێراق سوودمەندبوون و دەكاتە رێژەی نزیكەی (22%)ی كۆی ژمارەی خێزانەكانی هەرێم.

کامەران کەریم