لە"گەلی موزیک"ی چیای سەفین؛ چوارەم ڕۆژی خولی بنەماکانی شاخەوانیی و شاخپێوان بەڕێوەچوو
(0) /
زایەڵە ــ چوارەم ڕۆژی خولی بنەماکانی شاخەوانیی و شاخپێوان لە "گەلی موزیک"ی بناری چیای "سەفین" بەشێوەی پڕاکتیکی و بە بەشداری چەندین شاخەوان لە گرووپە جیاوازەکانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
دوای ئەوەی ڕۆژانی(١٠ و ١١ و ١٢)ی دیسامبری ٢٠٢٣ ی ساڵی ڕابردوو، خولێکی سێ ڕۆژەی فێرکاری تایبەت بە"بنەماکانی شاخەوانیی و شاخ پێوان" لەلایەن ناوەندی ھەولێر، فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بۆ بەشێک لە گرووپەکانی شاخەوانیی سنووری ھەولێر بەڕێوە چوو، ئەوا ئێستاش چوارەم ڕۆژی تەواوکاریی خولەکە و بەشێوەی پڕاکتیکی لەناو سرووشت ئەنجام درا.
لەو خولەدا کە لە(گەلی موزیک)ی چیای سەفین بەڕێوەچوو، تیادا چەندین شاخەوان لە گرووپە جیاوازەکانی سنووری ناوەندی ھەولێر- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد و بەشێوەیەکی پڕاکتیکی بە بنەما و زانستەکانی شاخەوانیی و شاخ پێوان ئاشنا کران کە پێشتر لە خولە تیۆرییەکاندا خوێندبوویان.
بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی دا: ئەم خولەش لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری مامۆستا و ڕاھێنەرانی ڕێگەپێدراو لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانەوە بەڕێوەچووە. ئەو مامۆستا و ڕاھێنەرانە لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانەوە ڕێگەپێدراون کە بۆماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لەژێرچاودێری وردی فیدراسیۆنی شاخەوانیدا ھەموو جۆرە خول، سیمینار و ۆرکشۆپەکانی تایبەت بە زانستی شاخەوانییان سەرکەوتووانە تێپەڕاندووە و ئەزموونی ھیمالیاوانییان ھەیە.
هەروەها بەشی ڕاگەیاندن وتیشی: فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، وەکوو ھەوڵێک بۆ پێشخستن و بە ئەکادیمیکردنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستاندا، زنجیرەیەک خولی تایبەت بە زانستی شاخەوانیی و شاخپێوان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ گرووپەکانی شاخەوانیی دەکاتەوە، وانەکانی ئەم خولەش لەلایەن کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموونەوە پێشکەش دەکرێن کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستاندا، سەرکەوتووانە سەرجەم خول و سیمینار و ۆرکشۆپەکانی تایبەت بە زانستی شاخەوانییان تێپەڕاندووە و لەگەشتەکانی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنیشدا بۆ دەرەوەی وڵات بەشدارییان کردووە و سەرکەوتن و ئەزموونی زۆریان بەدەیست ھێناوە.
بەشی ڕاگەیاندنی کومەڵەی شاخەوانی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ئامانجەکان و دەڵێت: ئامانج لەو ھەوڵ و ھەنگاوانەش، بەخشینی سیمایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوویە بە کاروانی وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی و ھەروەھا ئەکادیمی کردنی ئەو وەرزشەیە لە کوردستاندا.
ئەو خولانەش لە داھاتوودا بەردەوامییان دەبێت و سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەگرێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: