مامۆستایەکی زانکۆ لە ڕێگای زایەڵەوە باسی دەکات؛ کاریگەری و پێگەی کولتوری ئێران لەنێو کورددا
(0) /
زایەڵە - دکتۆر هێمن کەریم مامۆستای زانکۆ بە زایەڵەی ڕاگەیاند: کولتور وەک دابونەریتێکی تایبەت بە كۆمەڵگەیەكی دیاریكراو دەبینرێت، واتە کولتور بەهێزترین بابەتی مەعریفەت و فەرهەنگی نەتەوەیە بە جۆرێک رەنگدانەوەی لە رەفتاری هەرتاكێكی ئەو كۆمەڵگەیەدا دەبێت کە ئەمەش بەپێی کۆمەڵگەکان دەگۆڕێت، واتە هەرکۆمەڵگەیەک بەپێی کولتور و دابونەریتی تایبەت بەخۆی دەناسرێتەوە، بۆنمونە کورد خاوەنی داب و نەریت و کولتورێکی تایبەت بەخۆیەتی کە بەزەی و عاتیفە تارادەیەک تێیدا زاڵە، لێردا رەسەنایەتی رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە ناسینەوەی کۆمەڵگەکاندا.
وتیشی: تایلهر یەکێکە لە نوسەرە بەریتانییەکان لەبواری ئهنترۆپۆلۆژی له ساڵی 1871دا، كتێبێكی بڵاوكردهوه به ناوی كولتوری سهرهتایی و پەیڕەوی بەراوردکردن بڵاوکردەوە بۆ لێكۆڵینهوه له كولتور، ئەمهش بووه دامهزرێنهری ئهنترۆپۆلۆژیای بهریتانی، ئەو بەو جۆرە پێناسهی كولتور دهكات کە دەڵێت/ پێكهاتهیهكه زانست و زانیاریی و بیروباوهڕ و رهوشت و هونهر و یاسا و دابونەریت دهگرێتهوه، كه مرۆڤ بهدهستیان دههێنێت وهك ئهندامێك لهكۆمهڵگهدا.
ڕونیشیکردەوە: دەتوانین بڵێین، كولتور فێربوونە، نە خۆرسك بێت و بایۆلۆژی بێت، بەڵکو تاك لەناو كۆمەڵگەدا پێیەوە پەیوەست دەبێت و بەجۆرێك گەشە دەكات، کە دواجار نەوە بۆ دوای نەوە دەیگوازێتەوە و بەمەش سەیری هەر کۆمەڵگەیەک دەکەیت، بەر لە هەر شتێک جیاوازییە کولتورییەکانت بەرچاو دەکەوێت بەحوکمی نزیکی و تێکەڵبوونی ئەدەبیاتی کورد و فارس و کاریگەرییان لەسەر یەک تێکەڵەیەکی کولتوری هەمەچەشنە دروست بووە لەنێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا، ئەو جیاوازییە دەکرێت وەک جۆرێک لە ناسنامەی ئەو کۆمەڵگەیە سەیر بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: نەتەوەی كورد-یش، وەك هەر نەتەوەیەكی تر كولتوری تایبەت بەخۆی هەیە و سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 5400-600 پ.ز. کە تێکەڵ بووە لەگەڵ شارستانێتییەکانی دیکەی میزۆپۆتامیا، لەوەشەوە کولتور و کەلەپوری کوردی لە لایەنی کەرەستەییەوە زۆر دەوڵەمەند بووە و لە زۆر لایەن گەشەی کردووە.هاوکات کولتوری ئەدەبی رەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناو گەلانی بیانی هەبووە، وەك رێوڕەسم و بەها كۆمەڵایەتییەكان و دابونەریت و مەراسیمە ئاینییەكان و بۆنە و جەژنەكان، كورد كولتوری ئەدەبی تایبەت بەخۆی هەیە، لە هۆنراوە و چیرۆكی ئەفسانە و داستانەكان و زۆربەیان لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردی وێناكراون، هەروەها پێگەی شاعیرانی فارس لە کولتوری فارسدا پێگەیەکی بەرزی هەبووە، ئەمەش بووە هاندەر کە کەنجانی کورد و نوسەر و شاعیرانیش لە ڕووی کولتورەوە حەز بەو تێکەڵە شیعرییەی فارس دەکرا، لە هەشتاکان بەدواوە جوڵەی کورد دەستی پێکرد بۆ وڵاتانی دراوسێ بەهۆی جەنگەکانەوە و هەڵهاتن لە شەڕوو کەوتنە نێوە داوی شیعری فارسییەوە کە داوێکی خۆش و بەسودبوو بۆ کورد و نوسەرانی کورد، ئەو نەوەیەی کە ئاوارەی دەوڵەتی ئێران بوون ڕاستەخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری کولتوری فارسەوە و بەشێوەیەکی ڕێژەیی هاتوەتە نێو ئەدەبیاتی کوردەوە، هەروەها پێش ئاشنابوونی شيعری فارسی ئاشنای گۆرانی و موزیکی فارسی بوون، وەک داریوش و مهستی و سەتار و حمیراو و هایدە و ئیرەج هەندێکیتر چوارچێوەی کولتوری ئێرانیان بۆخۆیان کێشکرد خۆش بەختانە تا ئەمڕۆش ئەمە بەردەوامە و پارێزگاری لێدەکرێت و تایبەتمەندییەکەی لەبەرچاوگیراوە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: