مامۆستایان لەگەڵ وەرگرتنی مووچەدا خۆپیشاندان دەکەن

(0) / / کردستان / زایەڵە خۆپیشاندان مامۆستایان


Feb 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - هەرچەندە ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی جەخت لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەنەوە تا ئەو کاتەی تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناوچەکانی بایکۆت خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ دوای نزیکەی 50 ڕۆژ مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێت، بەڵام دابەشکردنی مووچەی 30 ڕۆژ جارێك یەکێکە لە داواکارییەکانی مامۆستایان، بۆیە سەرباری ڕاگەیاندنی لیستی مووچەش جەختیان لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان کردەوە.

ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕایگەیاند، لیستی مووچە ناتوانێت ساردمان بکاتەوە لەشەقام و ناڕەزایەتیەکان و یەکشەممە هەموومان لە شەقامین لە كاتژمێر 10ی بەیانی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 5/ 2/ 2024، ڕۆژێک دوای وەرگرتنی مووچە لەژێر ناوی (پێکەوە_بەهێزترین) کاریگەرترین خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ڕادەگەیەنین.

دابەشکردنی مووچە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دیارترین داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازین، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچکام لەو داواکارییانەی جێبەجێ نەکردووە.

هێرش نامیق