دەروازەی حاجی ئۆمەران: جموجووڵی بازرگانی نەوەستاوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە حاجی ئۆمەران جموجووڵی بازرگانی


Feb 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، بەهۆی بەفربارینەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە کەمتربووەتەوە و بازرگانیش سەختتر بووە، بەڵام هیچ جموجووڵێکی بازرگانی نەوەستاوە.

رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە وەرزی بەفرباریندا تیم لە دەروازەکە جێگیر دەکرێن و راستەوخۆ رێگەکە پاک دەکەنەوە. دوێنێ بەفرێکی زۆر باری، بەڵام راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگەکە کرایەوە و هەر بۆیە هیچ هاتووچۆیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە رانەگیراوە."

گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "بەهۆی بەفربارینەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە کەمتربووەتەوە، چونکە بەفرێکی زۆر باریوە و خەڵک هاتووچۆ کەم دەکات؛ بازرگانیش سەختتر بووە. بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر لە کاژێرێکدا 10 ئۆتۆمبێل هاتووچۆیان کردبێت، ئێستا شەش ئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەکەن."

سیروان حوسێن گوتیشی، "لەو کاتەوەی وەرزی بەفربارین دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا هاتووچۆ لە دەروازەکە رانەگیراوە."

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 04ـی شوباتی 2024، بەفربارین بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو. بەو هۆیەوە زیاتر لە 40 پاسی گەشتیاران کە نزیکەی 900 گەشتیاری کورد و عەرەبیان تێدابوو، لە چیای حەسەن بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گیریان خوارد.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران، بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی شەختەوە بەتایبەتی لە بەشێکی سنوورەکەیان، ئەمڕۆیان کردە پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکان و پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.

لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.