خۆپاراستن لە مەترسیەکانی شاخرەوی زستانە و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری

(0) / / ورزش / زایەڵە شاخڕەوی کوردستان نادر ڕۆستی


Feb 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە -روستی جەخت لەوە دەکاتەوە؛ پێویستە هەوڵبدرێت راهێنانی رێبەری گەشتی شاخڕەوی بۆ ئەو جۆرە كەسانە رێكبخرێ كە ئارەزوویانە گەشتی شاخڕەوی بۆ هاوڵاتیان رێكبخەن، ئەم هەنگاوەش مەترسیەكانی گەشتكردن بۆ ناو سروشت بە شێوەی شاخڕەوی كەم دەكاتەوە و گەشە بە گەشتوگوزاری شاخڕەوی دەدات.

نادر روستی شارەزای گەشتوگوزار بەزایەڵەی ڕاگەیاند: دەیان جۆری گەشتوگوزار هەیە، هەر جۆرێك بە شێوازێكی جیا كاریگەری لەسەر بوژانەوەی كەرتی گەشتیاری هەیە، شاخەوانی و شاخڕەوی کە دوو جۆری وەرزشی چێژبەخشن، دەكرێ وەك دوو جۆری گەشتوگوزار ئاماژەیان پێبدەین، هەریەك بە جۆرێك و بە شێوازێكی تایبەت كاریگەری لەسەر جولەی گەشتیاری دروست دەكات.شاخەوانی و شاخڕەوی هەردووكیان وەرزشی ناو سروشتن، بەڵام لە هەڵبژاردنی شوێنی گەشت و هونەری رۆیشتن و پێداویستی گەشت و توانای كەسەكان لە یەكتری جیاوازن، لەم بابەتە تیشك دەخەینە سەر شاخڕەوی لەوەرزی زستان.لە هەرێمی كوردستان شاخڕەوی بۆ ناو سروشت و  سەرشاخەكان زیاتر بۆ ئەو شوێنانەیە كە رۆیشتن و گەشت كردن لێیان زۆر سەخت نییە، بۆیە كەسانی كەم ئەزمون، كە گەشتیان كەم بۆ ناو سروشت كردووە، وەك گەشتیار بەشدار دەبن و چێژ لە رۆیشتن و چوون بۆ ناو سروشت لە وەرزی زستان وەردەگرن.

لە چەند ساڵی رابردوو گروپەكانی شاخەوانی و شاخڕەوی ( گروپە پرۆفیشناڵەكان و گروپە نۆڕماڵەكان) لە وەرزی زستان بەتایبەتی دوای بارینی بەفر گەشت بۆ ناو بەفر و سەر هەندێك لە چیاكان دەكەن، لەگەڵ گروپە شاخڕەویەكان هاوڵاتی كەم ئەزموون و سەرەتایی لە وەرزشی شاخەوانی بەشداری دەكەن. جگە لەمە هەندێك تیم و گروپ دروست بوونە كە بەتایبەت گەشت بەو هاوڵاتیانە دەكەن كە ئارەزووی شاخڕەوی ناو سروشتیان هەیە.

وتیشی: واتە گەشتێكی گەشتیاری شاخڕەوی كە پیادەڕۆیشتنی هەیە بۆ كۆمەڵێك كەس بە نرخێكی دیاریكراوی رێكدەخرێت. بەفری ئەم جارەش لەسەر چیاو دامێن چیاكان ئەو دەرفەتەی بۆ ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی رەخساندووە كە گەشتی رۆیشتن بە پیادە و هەندێكیشیان بە ئوتومبێل بۆ ناو بەفر بكەن، ڕەنگە ئەم جۆرەی گەشتیاریە لە قۆناغی سەرەتای زۆر داهاتی نەبێت، بەڵام ناساندنێكی زۆر گرنگە بۆ ناسینی سروشتی كوردستان لە وەرزی زستان و بەبازاڕكردنی گەشتوگوزاری هەرێم، چونكە لە هەرگەشتێكدا سەدان و هەزاران وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە كەرنەڤاڵێكی گرنگ بۆ دەرخستنی ئەو سروشتە گونجاوە گەشتیاریەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام مەترسی ئەم جۆرە گەشتانە زۆرە، بەتایبەت کاتێ جلوبەرگ و پێداویستی گەشت ئامادە نەکرابێت، هەروەها پێشوەختە بارودۆخی کەشوهەوا نەزانراو بێت، یان رێگاوبانەکان تاقی نەکرابنەوە و زانیاری کەم بێت، ئەمانەش ئەگەری ڕێگەگیران و ڕەنوی بەفر و ڕێگە ونکردن و سڕ بوونی دەست و پێ و نەخۆش کەوتن زیاد دەکەن. بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندارەكان كارئاسانی زیاتر بۆ ئەو گروپ و تیمانە بكەن كە خۆڕسكانە دروست بوونە، بەڵام شارەزایی باشیان لە رێبەری كردن و گەشتی ناو سروشت و مەترسیەكانی گەشتی شاخڕەوی نییە. بۆیە بەلای كەم  پێویستە هەوڵبدرێت راهێنانی رێبەری گەشتی شاخڕەوی بۆ ئەو جۆرە كەسانە رێكبخرێ كە ئارەزوویانە ئەم جۆرە گەشتانە (گەشتی شاخڕەوی) بۆ هاوڵاتیان رێكبخەن، ئەم هەنگاوەش مەترسیەكانی گەشتكردن بۆ ناو سروشت بە شێوەی شاخڕەوی كەم دەكاتەوە و گەشە بە گەشتوگوزاری شاخڕەوی دەدات.

کامەران کەریم