هەڵوێستی وەزیری بەرگریی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی وڵاتەکەی

(0) / / ترکیه / زایەڵە تورکیا سلێمانی کوردستان


Feb 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لەتیف رەشید، وەزیری بەرگریی تورکیا ویستی خۆی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی دیکەی تورکیا دەربڕی.

ئەمڕۆ یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و دواتر لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە، ئاسایشى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات  تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکان بوون.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا دەڵێت، وەزیری بەرگریی تورکیا روونیکردەوە هاوکاریی هاوبەش هەیە لەنێوان هەردوولا کە بریتین لە دروستکردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی سێ بەنداو لەسەر ڕووباری زاب.

دەشڵێت، وەزیری بەرگریی تورکیا ویستی خۆی نیشاندا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیا.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سەرۆککۆمارى عێراق جەختیکردووەتەوە لە چارەسەرکردنى کێشەکان لەڕێگەى گفتوگۆ نەک پێشێلکردنی سەروەریی وڵات و زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان.

لە راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقشیدا هاتووە، سودانى جەختیکردووەتەوە کە عێراق پابەندە بە رێگریکردن لە بەکارهێنانى خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ، لەو پێناوەشدا چەندین رێکار گیراونەتەبەر بەتایبەتی لە هێڵی سنووریی نێوان عێراق و تورکیا.

محەمەد ساڵح