هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی پلاسخارت چییە؟

(0) / / عراق / زایەڵە پلاسخارت کوردستان بەغدا عێراق نەتەوە یەکگرتووەکان


Feb 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لە تاووتوێکردنی دۆخی وڵاتەکە، جێنین پلاسخارت نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەیدا راگەیاند.

جێنین پلاسخارت لە وتارێکدا کە پێشکەشی کرد رایگەیاند، “لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 گەیشتمە بەغداد ئێستاش دوای پێنج ساڵ ماڵئاوایی دەکەم و پێشبینی دەکەم لە مانگی ئایاری ئەمساڵ پۆستەکەم جێبهێڵم، ئەمەش بۆ من ئاسان نییە چونکە عێراق بووەتە بەشێک لە من”.
ئەم وتارە لەناکاوەی پلاسخارت پرسیاری خۆی بەدوای خۆیدا هێنا سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی، کە ئایا لەسەر داوای خۆی بووە یان لەسەر داوای سکرتێریی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان.

دەستلەکارکێشانەوەی پلاسخارت هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی واشنتن بۆ دەستبەکاربوونی باڵیۆزێکی نوێی وڵاتەکەی لە عێراق.
لە لایەکی دیکەوە هەندێکی دیکە بۆ راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەگەڕێننەوە کە لەم دواییەدا بڵاویکردبووەوە و تێیدا فەرمانبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە عێراق بە وەرگرتنی بەرتیل لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی عێراق لە بەرامبەر پێدانی پرۆژەی وەبەرهێنان پێیان.

لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی گاردیان رێکخراوەکە تیمێکی لێکۆڵینەوەی لە تۆمەتەکان پێکهێناوە و رەوانەی عێراقی کردوون، لای خۆشییەوە محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە پێکهێنا.

هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی پلاسخارت هەرچییەک بێت، پرسیارێکی دیکە لێرەدا دێتە کایەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کێ دەخاتە شوێنی پلاسخارت؟ ئەو کەسە دەتوانێت چ سوودێک بە عێراق بگەیەنێت و چ کاریگەرییەک لە وڵاتەکەدا دروست بکات.

ئەڤین نەوزاد